هاووڵاتییەک لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ لە سێدارە درا

14:08 - 5 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هاووڵاتییەکی بە تۆمەت ماددەی سڕکەر و کوشتنی پۆلیسێک لە سێدارە دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژ سێشەممە ٤ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەک لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بە ناوی \"جەواد خەیری\" لە سێدارە درا.

جەواد خەیری بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی سڕکەر و کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو، ماوەیەک پێش حوکمەکەی ناوبراو لە لایەن دەزگای قەزاییەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا، بەڵام بڕیار درا بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست ئێعدام بکرێت.

ڕۆژی دووشەممە، ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ سێ کەسی دیکە، بە مەبەستی بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوسترا بوونەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە لە سێدارەدانی هاووڵاتییان لە ئێران بڵاوی کردبووە، هەر چەند ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو بە شێوەی ڕێژەیی کەمی کردووە، بەڵام بە شێوەی نێوەنجی لە هەر ڕۆژێکدا، لە ئێران هاووڵاتییەک لە سێدارە دراوە.

\"پێشتریش، ڕافائێل چنوێل ئازان\" بەڕێوەبەری ڕێکخراوی فەرانسەوییەکان بە گشتی دژی ئێعدام گوتبووی: ئێمە داوا لە هەموو وڵاتانی دێموکراتیک و ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیی دیپلۆماتیکیان لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا هەیە بە شێوەی جیددی بۆ کەمکردنەوەی ئێعدامەکان لە ئێران گوشار بخەنە سەر ئەو وڵاتە.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش، زۆربەی لە سێدارەدراوەکان کەسانێک بوون کە بە تاوانی مامەڵە کردنی ماددە سڕکەرەکان لە سێدارە دراون.