هاووڵاتییەک لە مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

17:32 - 12 رێبەندان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "خەبات وەیسی" تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی "عەبدوڵڵا" خەڵکی گوندی "گوڵچێر"ی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و نابراویان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان مۆبایلەکانی "خەبات و عەبدوڵڵا وەیسیـ"ـیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان خەبات وەیسی لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداراندایە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

عەبدوڵڵا وەیسی باوکی خەبات، ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کرابوو.