هاووڵاتییەک لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کرا

12:35 - 25 جۆزەردان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردان، هاووڵاتییەک بە ناوی "دیار عەباسی" خەڵکی گوندی " بەرەجۆ"ی بەخشی خەلیفانی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە چوونە ماڵەکەی و پاش پشکنینی ماڵەکەی، لە دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە سەرکەوتوو نەبوون.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی لە گۆڕەپانی ئیستقلالی مەهاباد، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "چەند ڕۆژ پێش، دیار عەباسی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو."

دیار عەباسی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیران بووە کە دواتر گەڕابووەوە بۆ ئێران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.