هاووڵاتییەک لە شاری دێولان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا

14:43 - 23 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێکی دیکە لە نزیکانی بنەماڵەی حوسین پەناهی دانیشتووی گوندی \"قڕوچیای\" شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، پێنج شەممە ٢٢ پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی \"عەباس حوسێن پەناهی\" دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ باوک و دایکی ڕامین حوسێن پەناهی سەردانی ئەو بنەماڵەیەی کردبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: پێنج کەس لە هێزە لێباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە بێ حوکمی یاسایی چوونەتە ماڵی باوکی ڕامین و ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستوە.

ئەمجەد حوسێن پەناهی وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە لە فەیسبووکی شەخسی خۆیدا نووسینوویەتی: \"عەباس حوسێن پەناهی به مەبەستی چاوپێکەوتن لە گەڵ دایک و باوکم سەردانی بنەماڵەی ئێمەی کردبوو، کە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەست دا نیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، چەند کەسێکی دیکە لە بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.