هاووڵاتییەک لە شاری جوانڕۆ دەسبەسەر کرا

09:47 - 18 رەشەمه 2720

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئولفەت بەهرامی"، تەمەن ٣٤ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی "کەڵاش" سەر بە جوانڕۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بە بیانووی کێشە لە پێدانی یارانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشتی فەرمانداریی جوانڕۆ کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "یەک ڕۆژ پاش دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە ئولفەت بەهرامییان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو: "ئولفەت بەهرامی لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە بنەماڵەکەی ڕایگەیاندووە کە ناوبراو بە دەستبەند و چاوبەستراوەیی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە شوێنی ڕاگیرانەکەی هیچ زانیارییەکی نییە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، خێزاندار و خاوەن منداڵێکە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئولفەت بەهرامی زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.