هاووڵاتییەک لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

13:12 - 22 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەک بە ناوی "ئیسماعیل کەریمی" تەمەن ٤٤ ساڵ خەڵکی گوندی "شەوریجە" و دانیشتووی "میرئاوا"ی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە کردووە و هێندێک کەرەستەی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ئیسماعیل کەریمی خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.