هاووڵاتییەک لە زیندانی کرماشان ئێعدام کرا

13:22 - 20 جۆزەردان 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران باسی لە لەسێدارەدانی هاووڵاتییەک بە ناوی "دروود یووسف‌بەیگی" تەمەن ٣٣ ساڵ لە زیندانی کرماشان کرد.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هەروەها ڕایگەیاندووە حوکمی ئەو زیندانییە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردان لە زیندانی کرماشان جێبەجێ کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە "دروود یووسف‌بەیگی" نزیک بە ٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک دەسبەسەر و دواتر بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردان، حوکمی لەسێدارەدانی سێ هاووڵاتیی بە ناوەکانی "خوسرەو تارک"،"کەماڵ بیانی‌ڕاد" و"ستار  ئەرغەندە" خەڵکی شاری مەلکشای، لە زیندانی ئیلام جێبەجێ کرابوو.

هەتا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییانە لەلایەن میدیا نێوخۆییەکانی ئێران و سەرچاوە فەرمییەکان ڕانەگەیەندراوە.