هاووڵاتییەک لە زیندانی سنە ئێعدام کرا

16:42 - 27 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: حوکمی قیساسی زیندانییەک بە تاوانی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە زیندانی ناوەندی شاری سنە، جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی سەرماوەز، حوکمی لە سێدارەدانی زیندانییەک بە تاوانی "کوشتنی بە ئەنقەست" بە ناوی "فەرزاد سەیف‌‌پەناهی" لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە لە ساڵی ٩٣ بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە زیندان دایە و پێشتر بۆ جێبەجێ‌کردنی حوکمەکەی لە زیندانی قوروە بۆ زیندانی سنە، ڕاگوێزرابوو.

فەرزاد سەیف‌پەناهی لە شەڕ و دەمەقاڵێیەکدا لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی "سەعدی قادری" کە بوو بە هۆی کوشتنی ئەو هاووڵاتییە ، دەسبەسەر کراو دواتر لە لایەن دەزگای قەزاییەوە حوکمی قیساسی بە سەردا سەپا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی لە نامەیەکدا، داوایان لە بنەماڵەی کوژراوەکە کردبوو لە فەرزاد سەیف‌پەناهی خۆش بن بەڵام ئەو بنەماڵەیە ئەو داواکارییەیان ڕەت کردبووە.