هاووڵاتییەک لە روانسەر بە تەقەی هێزە ئینزامییەکان کوژرا

16:32 - 15 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پاسگایەکی روانسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە و دواتر بەهۆی دەستڕێژەوە کوشتوویانە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٤ی سەرماوەز هاووڵاتییەکی خەڵکی روانسەر بەناوی \"شارام عەزیزی \" تەمەن ٢٨ ساڵ، خێزاندار و خاوەنی ٢ منداڵ و خەڵکی شاری روانسەر لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی پاسگایەکی روانسەرەوە دەستبەسەر دەکرێ پاشان دەیکووژن.

سەرچاوەیەکی نیزیک لەو رووداوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: شارام عەزیزی پاش دەستبەسەر کران، لەگەڵ گرووبانێکی ئەو پاسگایە بەناوی \"م\" کێشەیان لێ پەیدا بووە و ئەو گورووبانە لە پشتەوە تەقەی لێکردووەو و هەر ئەوەش بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا کە هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای روانسەر هەڕەشەیان لە پزیشکی قانوونیی ئەو شارە کردووە کە هۆی کوژرانی ئەو هاووڵاتییە خۆکووژی رابگەیەنن، بەڵام کارمەندانی پزیشک قانوونیی شاری روانسەر رازی بەو کارە نەبوون و بەو هۆیەوە تەرمی ئەو هاووڵاتییە رەوانەی پزیشک قانوونیی شاری کرماشان کراوە.