هاووڵاتییەک خەڵکی شاری ورمێ لە ئێعدام ڕزگاری بوو

21:19 - 23 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەک خەڵکی شاری ورمێ، کە بە قیساس مەحکووم کرا بوو، بە هۆی لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لە ئێعدام ڕزگار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردان، هاووڵاتییەک خەڵکی شاری ورمێ، بە ناوی \"حەمید .پ\" تەمەن ٣٥ ساڵ، کە ماوەی ٦ ساڵە، چاوەڕوانی حوکمی قیساسەکەیەتی، لەلایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە، حوکمەکەی پێ بەخشرا.

بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییە ٦ ساڵ پێش بە هۆی \"کوشتنی بە ئەنقەست\"ی کەسێکی دیکەوە، بە قیساس مەحکووم کرابوو.

\"قیساس\" لە یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بۆ سزای کوشتنی بە ئەنقەست لە بەرچاوگیراوە و بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە بە مافی خاوەن کوژراوەکە بە ئەژمار دێت و ئەویش سەرپشکە لە جێبەجێکردنی، یان بەخشینی ئەو حوکمە.