هاووڵاتییەک بەهۆی نەبوونی پارە لە نهۆمی دووهەمی نەخۆشخانەی میلادەوە خۆی خستە خوارەوە

15:31 - 14 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: کەسێک بەناوی \"عەلی شەفیعی\" بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە وەرنەگرتنی لە لایەن نەخۆشخانەی میلادەوە، هەوڵی خۆکوشتنی دا و لە نهۆمی دووهەمی ئەم نەخۆشخانەوە خۆی خستە خوارێ.

ماڵپەڕی \"ایران وایر\" بڵاوی کردەوە؛ پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، کەسێک بەناوی عەلی شەفیعی تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی گوندێکی ساوە، بەهۆی ئازاری سکەوە خۆی دەگەیێنێتە نەخۆشخانەی میلاد لە شاری تاران، بەڵام لەبەر ئەوەیکە پارەی پێ نەبووە، لە لایەن بەرپرسانی ئەم نەخۆشخانەوە ڕێگری لە چارەسەرکردنی دەکرێت و پاش چەند کاتژمێر مانەوە لە نەخۆشخانە و بەردەوامیی ئازارەکەی، خۆی لە نهۆمی دووهەمی ئەم نەخۆشخانەوە دەخاتە خوارەوە کە ئێستا لە حاڵی کۆمادایە.

ڕەزا شەفیعی برای ئەم هاووڵاتییە لەمبارەوە گووتوویەتی: کاتێک کە براکەم گەیشتۆتە نەخۆشخانە، لە لایەن سندووقی نەخۆشخانەوە پێی وتراوە دەبێ ٣٠٠ هەزار تمەن بدەی تاکوو چارەسەرت بۆ بکرێت، بەڵام بە هۆی ئەوەوە کە براکەم بەپەلەپەل خۆی گەیاندۆتە نەخۆشخانە، پارەی پێ نەبووە. تەنانەت ئەو خەڵکەی کە لەو شوێنە بوون وتوویانە ١٠ هەزار تمەن ١٠ هەزار تمەن پارەکەی بۆ کۆ دەکەینەوە، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانە دیسان ئامادە نەبوون ناوبراو وەربگرن.

پێویست بە ئاماژەیە کە ناوبراو یەکێک لە کەمئەندامانی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەیە.

لە بەفرانباری ساڵی ڕابردووشدا لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئیسفەهان، بەهۆی نەبوونی پارە، تەقەڵی چەناکەی منداڵێکی ٤ ساڵەیان دەرهێنایەوە کە دەنگدانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو و وەزیری تەندرووستیی کۆماری ئیسلامیی هێنایە سەر هێڵ و ناوبراو بەڵێنی دا کە چیدیکە ڕووداوی لەم چەشنە نابیندرێتەوە.

سەبارەت بەم ڕووداوەوە تاکوو ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی میلاد ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک بدەن.