هاووڵاتییەک بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری قەسری شیرین گیانی لەدەست دا

15:38 - 14 سەرماوەز 2721

ڕۆژی هەینی ١٢ی سەرماوەز، هاووڵاتییەک بە ناوی "حەبیب ڕۆستەمی" کوڕی "گوڵ نەزەر"، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "فەرمانشا" و دانیشتووی قەسری شیرین، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری "پەرویزخانـ"ـی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەی ڕاستەوخۆیان لەو هاووڵاتییە کردووە و ناوبراو بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بەر سەری گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە حاڵێکدا تەقەی ڕاستەوخۆیان لە "حەبیب ڕۆستەمی" کردووە کە ناوبراو هیچ جۆرە کەلوپەلێکی قاچاخی پێ نەبووە.

تەرمی ئەو هاووڵاتییە ڕەوانەی پزیشکی یاسایی سەرپێڵ زەهاو کراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

"حەبیب ڕۆستەمی" خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە و پێڕەوی ئایینی "یارسانـ"ـە.