هاووڵاتییەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

10:14 - 24 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە، پاش ٥٦ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "موحسین سەعیدپوور"، خەڵکی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سنە، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی گەلاوێژ، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بە سەر هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراودا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان.