هاووڵاتییانی ئێران داوای گۆڕینی حکوومەتی ئێران دەکەن

15:03 - 1 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: چەند کاتژمێرێک پاش لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئامریکا و ڕاگەیاندنی ستراتیژی نوێی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر حکوومەتی ئێران، هەزاران کاربەری تویتێری بە ڕێخستنی هەشتەکێک بە ناوی (iranregimechange#) خوازیاری گۆڕینی ئەو حکوومەتە بوون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، وێڕای ڕاگەیاندنی هەواڵی زۆرتر لەمەڕ گوشار خستنەسەری حکوومەتی ئێران، ڕایگەیاند: کە واشنتۆن لە ئەگەری گۆڕینی سیاسەتی حکوومەتی ئێران، ئامادەی دانوستان لەگەڵ تارانە.

لەو پەیوەندییەدا، هێندێک لە کاربەرانی تویتێر بە ڕێخستنی هەشتەکی \"گۆڕینی حکوومەتی ئێران\"، خوازیاری گۆڕینی ئەو حکوومەتە بوون.

یەکێک لە کابەران وێڕای سپاس لە پێمپێئۆ نووسیوویەتی: \"خەڵکی ئێران لە دوایین بەربەرکانێی بۆ ئازادبوون لە دەستی حکوومەتی ئێراندان و پێویستیان بە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی ئامریکا و کۆمەڵگای جیهانییە.

لەو پەیوەندییەدا، کاربەرێکی دیکە نووسیوویەتی: خەڵکی ئێران بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لە بارمتەی حکوومەتی ئێراندان، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، کە ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە دێموکراسی، مافی مرۆڤ و ئازادی هەیە، پشتیوانی خۆیان دەرببڕن و ئێمە گۆڕینمان دەوێت.

یەکێکی دیکە لەو کاربەرانە کە لەو هەشتەکەدا بەشداری کردووە، نووسیوویەتی: حکوومەتی ئێران شیاوی چاکبوون نییە، تەنیا ڕێگای بەدەستهێنانی ئاشتی و ئەمنییەت، گۆڕینی حکوومەتی ئێرانە.

کاربەرێکی دیکە لەو پەیوەندییەدا، بە بڵاوکردنەوەی هێندێک وێنە لە هێرشی پولیس بۆ سەر خەڵک و ئەو پارەنەی کە ئاخوندەکان لە شوێنە پیرۆزەکان دەیبەن، نووسیوویەتی: بەو هۆکارانە خوازیاری گۆڕینی حکوومەتی ئیرانین.

پێشتریش، شیرین عیبادی، چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتی، لە وتووێژێکدا، لەگەڵ ڕۆژنامەی (لۆمبێرگ) ئامریکایی، وێڕای دژایەتی لەگەڵ دەستێوەردانی سەربازیی بە دژی ئێران، وتوویەتی: \"گۆڕینی حکوومەتی ئێران دەبێ لە نێوخۆ و لە لایەن خەڵکەوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ڕۆژئاواش دەتوانێ یارمەتیدەر بێت\".