هاووڵاتییانی گوندیکی ناوچەی سەقز، بۆ خۆیان قوتابخانەیان بۆ گوندەکەیان دروست کرد

15:54 - 29 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەی هاووڵاتییانی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی تیلەکۆی سەقز، لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە لەمەڕ دروست کرانی قوتابخانە بێ وڵام مانەوە، بۆ خۆیان قوتابخانەیان بۆ گوندەکە دروست کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خەڵکی گوندی پارسانیان لە ناوچەی تیلەکۆی سەقز، بەهۆی ئەوەیکە قوتابخانەی گوندەکەیان بەرەوڕووی مەترسیی رووخان ببوویەوە، چەندین جار داوایان لە بەشی نوێژەن کردنەوەی ئیدارەی پەروەردەی شاری سەقز کرد، کە قوتابخانەی گوندەکەیان بۆ نوێژەن بکەنەوە، بەڵام هیچ وڵامێکیان پێ نەدرایەوە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی پارسانیان لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، رایگەیاند؛ چوار هاووڵاتیی خێرخواز تێچووی دروست کردنی قوتابخانە و زەویی فوتباڵی قوتابخانەی گوندەکەیان دابین کرد و قوتابخانەکەش بە هەوڵی دانیشتوانی گوندەکە دروست کرا.

گوندی پارسانیان لە کاتێکدا لە قوتابخانە و زەویی فوتباڵی قوتابخانە بێبەری بوو، کە زیاتر لە ٨٠ بنەماڵە و ٣٠٠ کەس دانیشتووی هەیە.

ئەو هاووڵاتییە گوتیشی؛ تێچووی قوتابخانەکە بە شێوەی خێرخوازانە لەلایەن دوو براوە بە ناوەکانی سەید عومەر و سەید عوسمان فەیزی و هەروەها تێچووی دروست کردنی زەویی فوتباڵی قوتابخانەکەش لەلایەن دوو برای ئەندازیارەوە بە ناوەکانی سەید وەفا و سەید هیوا حوسێنیەوە دابین کرا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی ژینگە پارێزیی شارستانی سەقز بە بیانووی پاراستنی ژینگە رێگریی لە دروست کرانی زەویی فوتباڵی قوتابخانەکە دەکرد، ئەوەش لە حالێکدابوو، کە شوێنی زەویی فوتباڵەکە، لەلایەن خەڵکی ئاواییەکەوە بۆ زەویی فووتباڵ تەرخان کرابوو.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە زۆربەی گوندەکانی کوردستان، بەهۆی کەمتەرخەمیی وەزارەتی پەروەردە لەمەر دروست کردنی قوتابخانە بۆ گوندەکان، هاووڵاتییانی خێرخواز قوتابخانەیان لە گوندەکان دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوەو بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، هەنووکە زیاتر لە ٤ هەزار و ٧٥٠ پۆلی خوێندن لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا پیوسیتیان بە نوێژەن کردنەوە هەیە.

فەریبۆرز ئیسماعیل‌زادە بەرپرسی گشتیی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، رایگەیاندووە؛ لە ئیستادا ٤٦٤ پۆلی خوێندن بە مەبەستی نوێژەن کردنەوە، تێک دراون و هەزار و ٧٢٢ پۆلی خوێندنیش کە دەبوا نوێژەن بکرایەنەوە، بەهۆی نەبوونی بودجە بە دەست لێ نەدراوی ماونەتەوە.

ئەو بەرپرسە گوتووشیەتی لە کۆی ٢٣ هەزار پۆلی خوێندن لە ئاستی ئوستاندا، هەنووکەش ٩ هەزار پۆلی خوێندن بۆ گەرمکردنی پۆلەکانیان لە وەرزی زستاندا، کەڵک لە سۆبەی نەوتی وەردەگرن.