هاووڵاتییانی مەشهەد بە هۆی گرانی و بێکاری دروشمیان بە دژی ڕۆحانی دا

20:13 - 7 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بێکاری و گرانی شتومەک بە تایبەت هێلکە لەم چەند ڕۆژە دواییدا، هاووڵاتییانی خەڵکی شارەکانی مەشهەد، نیشاپوور و کاشمەر لە بەردەم بینا شارەداری ئەو شارانە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان لە هەمبەر گرانی دەربڕی.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ی بەفرانبار، خەڵکی شارەکانی مەشهەد، نیشاپوور و کاشمەر، بە نیسبەت گرانیی شتومەک، ناڕەزایەتییان دەربڕی و لەگەڵ هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی تووشی شەڕو و پێکدادانی هاتن و چەند کەسێک بریندار بووە.

خۆپێشاندەرانی شاری مەشهەد لە ناڕەزایەتی بە کێشەی ئابووری لە بەردەم بینای شارەداری ئەو شارە بە دروشمی \"مرگ بر دیکتاتور\"، \"مرگ بر روحانی\"،\"اسلام رو پلە کردید، مردم رو ذلە کردید\"، \"پلیس برو دزد بگیر\" دەستیان پێکرد و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە، مەئموورانی ئەمنییەتی دژی خۆپێشاندەران ماشینی ئاو و گازی فرمێسک ڕێژیان بۆ بڵاوە پێکردنی خەڵکی ناڕازی بەکار هێناوە و هەروەها خۆپێشاندەران دەستیان بە بەرد هاویشتن کردووە لە هێزە ئەمنییەتییەکان.

هەروەها خۆپێشاندەران لە شاری نیشابوور دەستیان کردووە بە ڕێپێوان و وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت گرانی و بێکاری لەو شارە به دروشمی \"ای جوان ایرانی بلند شو بلند شو\"، \"دزد غارت می کند، دولت حمایت میکند\" و \"سوریە رو رها کن، فکری بە حال ما کن\"، دەستی پێکرد.

لە ماوەی یەک حەتووی ڕابردوودا، شەپۆلێک لە گرانی سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. هێلکە یەك لەو كاڵایانەیە كەلە ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی زیادی كردووە و بە دژواری دەست هاووڵاتییان دەكەوێت و بە هۆی نەبوونی کار و بێکاری ئەم دۆخەی هێندەی دیكە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی ئاڵۆزتر كردووە.