هاووڵاتییانی مەریوانی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی "فەرهاد خوسرەوی"، دژی حکومەتی ئێران درووشمیان دا
ئاژانسی کوردپا: هەزاران هاووڵاتیی مەریوانی لە ڕێوڕسمی بەخاکسپاردنی "فەرهاد خوسرەوی"، کۆڵبەری تەمەن ١٤ ساڵ کە لە ملەی "تەتە"ی هەورامان، بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دابوو، بەشدارییان کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٢٨ی سەرماوەز، تەرمی "فەرهاد خوسرەوی"، کۆڵبەری تەمەن ١٤ ساڵ، خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، پاش چوار ڕۆژ گەڕانی بەردەوام، لە ملەی "تەتە"ی هەورامان دۆزرایەوە.
ئەو کۆڵبەرە کوردە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی سەرماوەز، لەگەڵ براکەی "ئازاد خوسرەوی" لە ملەی "تەتە"ی هەورامان، بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دابوو و تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە، پاش چوار هەوڵ و تەقالای بەردەوامی دانیشتووانی ناوچەکە، دۆزرایەوە.
تەرمی "ئازاد خوسرەوی"، ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی سەرماوەز، لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە دۆزرایەوە.
ڕێوڕسمی بەخاکسپاردنی ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٤ ساڵەیە، بە بەشداریی هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی مەریوانی بەڕێوە چوو و هاووڵاتییانی مەریوان بەنیسبەت گیانلەدەستدانی ئەو کۆڵبەرانە، دژی حکوومەتی ئێران دروشمیان دا.
هەروەها هاووڵاتییانی مەریوانی بە هەڵگرتنی پارووە نانێک لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی فەرهاد، بە گیانلەدەستدانی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
گیانلەدەتسدانی ئەو کۆڵبەرە تەمەن١٤ ساڵە، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنیی کوردستانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.
لەو پەیوەندییەدا، "کۆچەر بیرکار"، بیرکاری کوردی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان و براوەی میداڵی "فیڵدز"، بەناوبانگترین خەڵاتی جیهانیی بیرکاری، بە گیانلەدەستدانی ئازاد و فەرهاد خوسرەوی لە کاتی کۆڵبەریدا دژکردەوەی نیشان دا و ڕایگەیاندووە: "لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، خەڵک بەهۆی برسێتی و هەژارییەوە خۆیان لە بەرزاییەکانی سنوورەکان دەدەن بۆ دوو تیکە نان".