هاووڵاتییانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنە ١٨٠ کەسن و ئەنجامی تاقیکاریی ١٠ کەسیش ئەرێنی ڕاگەیەندراوە

11:35 - 14 رەشەمه 2719

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان، بووە بەهۆی ئەوەیکە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان تووشی ئەو نەخۆشییە بن و حکوومەتی ئێران لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕێژەی تووشبووان بەم ڤایرۆسە خۆی دەبوێرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، ڕێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنە، ١٨٠ کەسن و لەو ڕێژەیە ئەنجامی تاقیکاریی ١٠ هاووڵاتیی تووشبوو ئەرێنی بووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، "ئارەزوو فەلاحی"، پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستی پزیشکی کە یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی سپای پاسداران و ئیتلاعاتە، ئیزنی بڵاوبوونەوەی ئاماری ڕێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سنە نادات.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "ڕێژەی تووشبووان لە سنە ١٨٠ کەسن و ئەو ڕێژەیە لە نەخۆشخانەکانی ئەم شارە تۆمار کراوە، تەنانەت ١٠ کەس ئەنجامی تاقیکارییەکانیان ئەرێنی بووە".

 ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کوردپا باس لەوەش دەکات کە سپای پاسداران و لایەنە پەیوەندییدارەکانی کە بە ناوی پاراستنی شوێنە گشتییەکان لە ڤایرۆس، "دژە چڵک" (ضدعفونی) بە کار دێنێت، سەرەتا لە پادگانە نیزامییەکانەوە دەستی پێکردووە و دواتر لە شوێنە گشتییەکان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد، بڵاوبوونەوەی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرەتا لە کەناڵە تێلێگرامییەکانی سپا و بەسیجەوە بڵاو دەکرێتەوە، ئەویش بە ڕێژەیەکی کەم و چەواشەکارانە.