هاووڵاتییان: دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت، گومانلێکراوی سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکانن

14:36 - 8 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٣٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی رۆژئاوای ئێـــران تۆمار کراوە کە لەم راپۆرتەدا لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئاگرکەوتنەوەکان تاوتوێ دەکەین.

ساڵانە لەگەڵ چوونەسەرەوەی پلەی گەرمیی هەوا و وشکبوونی گژ و گیا لە دارساتان و لێڕەوارەکانی رۆژئاوای ئێــــران بەتایبەت ناوچەکانی زاگرۆس، سەدان حاڵەتی ئاگرکەتنەوە دێنە ئاراوە و بەو هۆیەوە رووبەرێکی بەرچاو لە سروشت، سەیرانگە، ژینگە و دارستانی ئەو ناوچانە لەناو دەچن.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ستانداردی ژینگە و سرووشتی وڵاتی ئێـــران بەرەو لاوازی چووەو بەپێی ئەم رەوتە، ئێران بە یەکێک لەو ١٠ وڵاتە دادەنرێت کە هیچ بایەخێک بە ژینگە وسروشت نادەن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراولە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٣٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەە لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئێـــران تۆمار کراوە کە زۆربەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە ئەنقەست هاتوونەتە ئاراوە.


\"14266.jpg\"


هۆکارە مرۆییەکان سەرەکی‌ترین هۆکاری ئاگرکەوتنەوەن

\"14241.jpg\"
چەندین هۆکاری جۆراوجۆری وەک: چوونە سەرەوەی پلەی گەرمیی هەوا وهەڵکردنی با و...، بە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە ئەژمار دەکرێن، بەڵام لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێـــران سەرەڕای باران بارینی لەڕادەبەدەر، زۆرترین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ٤ ئوستانی کوردنشینی (ئیلام، کرماشان، ئازەربایجانی رۆژئاوا و کوردستان)دا دێتە ئاراوە.

نابەرپرسیارەتیی ئیدارە و ناوەندە حکوومەتییەکان لەمەڕ سووتانی دارستان و لەوەڕگەکان بۆتە هۆی ئەوە کە هاووڵاتییان، ناوەندە نیزامییە و ئەمنییەتییەکانی وەک سپای پاسداران و دەست و پێوەندییەکانی بە هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوانە لە قەڵەم بدەن.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٨٧ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی ٢ شاری مەریوان و سەوڵاوا تۆمار کراوە، کە بەوتەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەندامان و دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسداران بەشێوەی پلان بۆ داڕێــژراو بەبیانووی بوونی حــیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران ئاگر لە دارستانەکان بەر ئەدەن.

بەپێی ئەو ٣٣ هەواڵەی کە سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران لە ئاژانسی کوردپا بڵاو کراونەتەوە، ١٠ حاڵەتیان بە دەستی ئەنقەست و ٢٣ حاڵەتیشیان بەشێوەی نادیار هاتوونەتە ئاراوە.

دانیشتوانی خۆجێی ئەو ناوچانە لەسەر ئەو باوەڕەن کە کەسانی سەربە حکوومەت و هێــزە نیزامییەکان بە ئەنقەست ئاگر لەو دارستانانە بەر ئەدەن.


\"14267.jpg\"


هۆکار و مەبەستی ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکان لەمەڕ ئاگرتێبەردانی دارستانەکان

سووتاندنی دارستانەکانی رۆژئاوای ئێــران، زۆرتر تێـڕوانینی سیاسی - ئەمنیەتیی ناوەندە حکوومەتییەکان بەو ناوچانە بووەو بەم هۆیەوە بەردەوام سەرقاڵی سووتاندن و لەناو بردنی لێڕەوار و دارستانەکانی ئەو ناوچانە بوون.

لەلایەکی دیکەوە بەتایبەت لە باکووری ئێــران، بەسووتاندنی دارستانەکان و رووتاندنەوەی ئەو شوێنانە لە دار و گیا، شوێنەکانیان زەوت دەکرێن و بە دروست کردن پرۆژەی بینا سازی جێگەی پڕ دەکەنەوە.

بەگشتی تێکدانی دارستان و ژینگەی ئێــران و بەتایبەتی ٤ ئوستانی کوردنشینی ئێــران بەمەبەستی سیاسی، ئەمنیەتی و ئابووری ئەنجام ئەدرێت و بەم هۆیەوە زیانێکی قەرەبوو نەکراوە داوێنی ژینگەی وڵاتی ئێران دەگرێتەوە.

\"14268.jpg\"


ئاگرکەوتنەوە سەرەکی‌ترین هۆکاری لەناوچوونی دارستان و پوانی زەوی

بەوتەی بەرپرسی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئوستانی کوردستان، ئاگرتنەوەی بە سەرەکی‌ترین هۆکاری لەناوچوونی دارستانەکان لەقەلەم دابوو کە زۆرترین ئاماری لەناوچوونی دارستان و لێڕەوارەکان لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا تۆمار کراوە.

ناوبراو هۆکاری مرۆیی بەسەرەکی‌ترین هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان لە قەڵەم دابوو کە بەو هۆیەوە دارستان و لێڕەوارەکان لە ناو دەچن.

هەتا ئێستا ١٣٠ جۆر دار و درەخت لە ئوستانی کوردستاندا شاناسایی کراون.
بەپشت بەستن بەئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، تەنیا لە ٩ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکاندا ٤٤٥ دۆنم دارستان و لەوەڕگە لە ئوستانی کرماشان، ٦٥ دۆنم دارستان ولەوەڕگەی ئوستانی کوردستان و هەروەها ٧ دۆنم دارستان و لەوەڕگەی ئوستانی ئیلام لەناوچوون.

\"14269.jpg\"


هاووڵاتییانی خۆجێی و ئەنجومەنە خەڵکییەکان، تاکە هێــزی کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکان
بۆ ١١ ئوستانی رۆژئاوای ئێــران، تەنیا ١ دەزگا هێلی کۆپتێری بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکان تەرخان کراوە.

بەهۆی شاخاوی بوونی ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران و هێلی کۆپتێــر بەسەرەکی‌ترین کەرەسە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکان ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئوستانی کوردستان هەتا ئێستا لەبوونی هێلی کۆپتێر بێبەرییە.

\"14242.jpg\"
هەروەها نەبوونی هێزی ژینگەپارێز لە ئێـــران بە یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی ئیدارەکانی ژینگە پارێزی ئەژمار دەکرێت کە بەپێی ئامار و داتاکان بۆ هەر ٣٠ دۆنم دارستان و لێڕەوار، تەنیا یەک مەئمووری ژینگەپارێـزی تەرخان کراوە.

هەنووکە هاووڵاتییانی مەدەنی و ئەنجومەنە خەڵکییەکان تاکە هێزی کۆنترۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکانن و بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە لە زۆر حاڵەتدا هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکەوتنەوەکان رێگرییان لە هاووڵاتییان کردووە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بەیەکێک لە چالاک‌ترین ئەنجومەن خەڵکییەکان دادەنرێت کە رۆڵێکی بەرچاوی لە کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکان و هەروەها جێگیر کردنی فەرهەنگی ژینگەپارێزی لە نیوان هاووڵاتییان دا بووە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چەندین کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە خەڵکییە لەلایەن هێــزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراون.