هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار دووبارە دەسبەسەر کرایەوە

11:39 - 2 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەید ئەحمەد سەبری" کوڕی "مستەفا"، خەڵکی پەسوێی پیرانشار، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بە هێرش کردنە سەر ماڵی باوکی ئەو هاووڵاتییە لە پەسوێ، بەبێ بەڵگەی یاسایی "ئەحمەد"یان دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەشەمە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی "سەید ئەحمەد سەبری" لەگەڵ باوکی دەسبەسەریان کردن و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە "سەید مستەفا " ئازاد کرا، بەڵام کوڕەکەی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرا.

ئەو هاووڵاتیییە کوردە، سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.