٧ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ماکۆ، شووت، بازرگان و چاڵدێران دەسبەسەر کران

15:17 - 31 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ٧ هاووڵاتیی کورد، لە شارەکانی ماکۆ، شووت، بازرگان و چاڵدێران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کورد بە ناوی \"فواد وەکاڵەتی\" ناسراو بە \"فواد ئاگر\"، خەڵکی شاری ماکۆ، حەوتووی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە چارەنووسی ئەو لاوە کوردە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەم لاوە کوردە، بە هۆی دانانی چەند پۆستێکی ئینیستاگرامی سەبارەت بە کوردەکانی ماکۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

لەم پەیوەندییەدا، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا، باسی لە دەسبەسەرکردنی شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"ئەحمەد سەبزی\" خەڵکی شاری بازرگان، \"محەمەدسەلیم بەکری\" خەڵکی شووت، \"بێهزاد خالیدی\"، \"سەجاد ڕۆستەمی\" و \"محەمەدحوسێن سەرباز\" خەڵکی شاری چاڵدێران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە، کرد.

ئەم شەش هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەری، بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ ڕاگوێزراون و لە \"چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان و دەستپڕاگەیشتن بە پارێزەر\"، بێبەری کراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لەم بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەم شەش هاووڵاتییە کوردە، پاش کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەرداندا، کە لە ئەنجامی شەڕ و تیکەڵچوونی هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە گوندی \"سێگرکـ\"ـی شاری چاڵدێران ڕووی دابوو، دەسبەسەر کراون.

ئەم شەش هاووڵاتییە کوردە، سەرەتا بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە شاری \"خۆی\" و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ، گوێزراوەنەتەوە.