٦ هاووڵاتیی کورد، حوکمی ١٦ ساڵ و نیو زیندانییان بە سەردا سەپا

13:12 - 9 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، حوکمی ١٦ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بە سەر ٦ هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری شنۆدا، سەپاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، ٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆی، بە ١٦ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی ڕەیی داسەپاو لە لایەن دادگای ئینقلابەوە، \"فەتاح عەلیکورد\" خەڵکی گوندی \"نرزیوێ\"ی شاری شنۆ، بە سێ ساڵ شەش مانگ زیندانی، \"یوونس شەریفی\" خەڵکی شنۆ بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی، \"حامید زەریفی\" خەڵکی گوندی \"خۆرشت\" بە سێ ساڵ زیندانی، \"محەممەدئەمین فەزڵی\" خەڵکی گوندی \"بێمزورتێ\" بە دوو ساڵ زیندانی، \"مەجید دەریایی\" خەڵکی شاری شنۆ بە دوو ساڵ زیندانی و \"محەممەد مەحموودتاش\" خەڵکی گوندی \"خۆرشت\"بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی مەحکووم کراون.

دەزگای قەزایی ئەم شەش هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\"، تاوانبار کردووە.

ئەم شەش هاووڵاتییە کوردە، مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێڕان\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.