٧ هاووڵاتیی کورد بە ١٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کران

20:13 - 18 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سەردەشت ٧ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ڕەبەتی سەرجەم بە ١٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٧ هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری ڕەبەت بە ناوەکانی \"جەعفەر ڕەسووڵپوور، بەهمەن دەندانساز، محەممەد لەیلانە، محەممەد سویرو و ڕەسووڵ محەممەدئەمینی\"، هەر کامیان بە یەک ساڵ و ٦ مانگ زیندان و وەفا حەیدەری و ئەیووب ئەحمەدی خەڵکی گوندی \"جێربەند\"، سەر بە شاری ڕەبەت بە ١٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ٧ هاووڵاتییە کوردە لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سەردەشت بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئێران\" مەحکووم کراون.

ئەم ٧ هاووڵاتییە کوردە هاوینی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش یەک مانگ لە گرتنگە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

وێنە: جەعفەر ڕەسووڵپوور