٢ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان بریندار کران

13:46 - 6 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە \"پیلەوەری سنووریی باشماخ\" ٢ شۆفیری کوردیان بریندار کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٥ی بەفرانبار هێزە ئینتزامییەکانی ئێران لە شاری مەریوان، لە نزیک پیلەوەری سنووریی باشماخ بە گومانی هەڵگرتنی \"گازۆییل\" تەقەیان لە ماشینێکی جۆری \"پەیکان\" کردوە و لە ئاکامدا شۆفیری ئەو ماشینە بەناوی \"یوسف\" خەڵکی گوندی \"کۆڵان\" بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک بە توندی بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە ئاژانسی \"کوردپا\"ی راگەیاند: هەر لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەیەی هێزە ئینتزامییەکاندا، شۆفیری ماشینێکی دیکەی جۆری \"مینی‌بووس\" بە ناوی \"حوسێن\" بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا ئەو ٢ شۆفیرە بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری مەریوان کراون.

پێشتریش هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسەر رێگای پیرانشار ــ مەهاباد بە گومانی هەڵگرتن و راگواستنی کەلوپەلی قاچاخ، دەستڕێژیان لە هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"ئیبراهیم جیهان‌ئارا\" کردبوو و لە ئەنجامدا ببووە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەستڕێژی و تەقەی راستەوخۆ لە ماشێنی هاووڵاتییانی کورد لە شوێنە ئاساییەکان بە بیانووی هەڵگرتن و راگواستنی کەلوپەلی قاچاخ یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گیان لەدەست دانی هاووڵاتییانی کوردە که زۆر جاریش دوای رووداوەکە دەرکەوتووە کە‌ئەو ماشێنانە هەڵگری هیچ چەشنە شتومەکێکی قاچاخ نەبوون.

بەپێێ ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣٢ هاووڵاتیی کورد لە نێوان جادەکانی کوردستاندا تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون، یان بریندار بوون.