٦ هاووڵاتیی کورد بانگهێشتی ئیتلاعات کران

13:25 - 9 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، سێ ڕۆژنامەنووس و سێ چالاکیی ژینگەپارێزی ئەو شارەی بانگهێشت کرد و لێپێچینەوەی لێ کردن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٨ی بەفرانبار، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، \"هەرمان وتمانی\"، بەرپرسی گشتیی ماڵپەڕی \"هاژە\"، پژمان ئیسماعیل‌نژاد و پۆڵا ئاغاز\" هەواڵنێرانی \"هاژه\"، \"پەخشان قەلەندەری\"، بەرپرسی ئەنجوومەنی \"سەبزئەندیشانی جەوانی مەهاباد\"، \"فریا ڕەش‌ئەحمەدی\" و \"سەیدحەسەن سەیدهادی\" لە چالاکانی ژینگەپارێزی و لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنەی بەگشتی بانگهێشت کردووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، هۆشدارییان بەو ٦ هاووڵاتییە کوردە داوە، کە دەست لە چالاکییەکانیان هەڵ بگرن.

ئەو ٦ هاوڵاتییەی شاری مەهاباد، بە \"دنەدانی بیروڕای گشتی و پڕۆپاگەندە بۆ بیری ناسیۆنالیزمی کوردی\" تاوانبار کراون.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانان، \"هەرمان وتمانی\" ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد و بەرپرسی گشتیی ماڵپەڕی هاژە، به تۆمەتی \"دنەدانی بیروڕای گشتی و پشتیوانی لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان\"، بۆ پولیسی \"فەتا\"ی ئەو شارە بانگهێشت کرابوو و دوای چەند کاتژمێر لێپێچینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.