١٠٨ هاووڵاتیی ناڕازیی خەڵکی کرماشان لە ژێر هەڕەشەی دەسبەسەرکردن دان

15:08 - 17 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە شاری کرماشان، لە هەوڵی دەسبەسەر کردنی بەربڵاوی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی خەڵکی ئەو شارە دان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری کرماشان، بە مەبەستی زانیاری کۆ کردنەوە لەسەر ناڕازییانی بەشداربوو لە خۆپیشاندانەکاندا و دەسبەسەر کردنیان، کۆمەڵێک کاناڵی لە دنیای مەجازیدا ڕێک خستووە.

ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئامانجی لە ڕێکخستنی ئەو کاناڵانە، دەسبەسەر کردنی ناڕازییان و ڕێبەرانی ئەو خۆپێشاندانانەی ڕاگەیاندووە. ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییە سەر بە سپای پاسدارانە، کە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ناڕازییەکان، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هەر کەسێک زانیاری لە سەر ئەو کەسانە هەیە، بۆ ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییەی بنێرێت.

ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری کرماشان ڕایگەیاندووە، کە هەتا ئێستا ١٠٨ کەس لە بەشداربووانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بۆ دەسبەسەرکردن لەژێر چاوەدێریی دان.

ئەو هەوڵەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، شەپۆلێکی نیگەرانیی لە نێو هاووڵاتییانیدا دروست کردووە.