٥ هاووڵاتیی شنۆیی، بە دانانی بارمتەی (وثیقە) ١ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کران

14:12 - 30 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، پاش سێ مانگ لە دەسبەسەرکردنیان، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەن، بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، پێنج هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"شەفیع فەقیزادە، خەڵکی گوندی تاچیناوا، یوونس شەریفی خەڵکی شاری شنۆ، فەتاح عەلیکورد، مامەند عەلیکورد و جەعفەر عەلیکورد خەڵکی گوندی نێرزیو\" بە دانانی بارمتەی (وثیقە) ١ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە گرتووخانە ئازاد کران.

بۆ ئازادیی هەر کام لەو پێنج هاووڵاتییە کوردە، هەتا کاتی دادگایی کردنیان، بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی دانراوە.

ئەو پێنج کەسە، مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە \"بەبێ بەڵگەی یاسایی\" دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانە ئیتلاعاتی سپای سەیدلوشوهەدا شاری ورمێ کراون.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ناوبراوانیان بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" تاوانبار کردووە.