٧ هاووڵاتیی شنۆیی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خاکەلێوە، ٧ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەزا ئیسلامدوست"، "ئومێد ئیسلامدوست"، "سامان ڕەسووڵزادە"، "سەنعان ڕەسووڵزادە"، "دیاکۆ محەممەدگەوری"، "هادی حەسەنزادە"، "ئەشکان شکاک" خەڵکی شاری "نەلۆس"ی شنۆ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کراون.
ئەو هاووڵاتییانە پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بە لێوەرگرتنی بەڵێننامە ئازاد کراون.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ، هێزەکانی گاردی تایبەت و دژە شۆڕش، هێرشیان کردە سەر ڕێورەسمی نەورۆز لە شەقامەکانی شاری شنۆ و لەگەڵ خەڵک تووشی تێکەڵچوون بوون.
هێزەکانی گاردی تایبەت و دژە شۆڕش، بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک لە گازی فرمێسکڕێژ و گوللـەی تاپڕ کەڵکیان وەرگرتووە.