٥ هاووڵاتیی سەقزی بە زیندان مەحکووم کران

11:53 - 5 بەفرانبار 2720

٥ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز به ناوەکانی "ڕەحمان ڕەحیم‌پوور، هیوا ئەمینی، ئارمیا ڕەنجبەری، وریا ئەمینی و عەلی قادری"  بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە لە بەرژوەندی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقز به زیندان مەحکووم کران.

بەپێی حوکمی داسەپاوی دادگا، "ڕەحمان ڕەحیم‌پوور، هیوا ئەمینی، ئارمیا ڕەنجبەری" هەر کامیان بە ١٠ مانگ زیندان و "عەلی قادری بە ٧ مانگ و وریا ئەمینی به ٨ مانگ زیندان" مەحکووم کراون.

هەروەها ئارمیا ڕەنجبەری بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری" بە ١٣ مانگ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کراوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەز بەڕێوە چووە و ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، حوکمەکەیان پێی ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، عەلی قادری، ئارمیا ڕەنجبەری، هیوا و وریا ئەمینی، بە بێ بەڵگەی یاسایی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزران.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، ڕەحمان ڕەحیم‌پوور لە پارکی لالەی سەقز، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو ٥ هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەیان، ئازاد کرابوون.