٣٥ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی \"نێ \"بانگهێشتی ئیتلاعات کران

13:33 - 8 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٣٥ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی \"نێ\" بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٥ لاوی خەڵکی گوندی \"نێ\"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کران و هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لێکردوون لە بەشداری کردن لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز خۆببوێرن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بانگهێشتی کردنی لاوانی گوندی نێ بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و هەڕەشە کردن لەوان لە بەشداری نەکردن لە ڕێوەڕەسمی نەورۆز لە کاتێکدایە کە، تەواوی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە بۆنەی سەر ساڵی نوێی و جێژنی نەورۆز، لەو گوندە کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەشەمە، هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێرشیان کردە سەر گوندی \"نێـ\"ـی مەریوان و پێشیان بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لەو گوندە گرت.

لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر گوندی نێ، شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزە حکوومەتییەکان و خەڵکی ئەو گوندە هاتە ئاراوە و لەو پەیوەندییەدا، چەندین هاووڵاتیی خەڵکی ئەو گوندە دەسبەسەر کران.