٣ هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، ماوەی ٣١ ساڵە لە زینداندان

14:26 - 1 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی شەڕ و کێشەی بنەماڵەییەوە، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری ورمێ، ماوەی ٣١ ساڵە، بەبێ مورەخەسی لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارەدان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سەعید ئارمت، جەعفەر ئیسماعیلی و عوسمان سەحرایی\"، بەهۆی شەڕ و کێشەی بنەماڵەییەوە، ماوەی ٣١ ساڵە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدا زیندانین.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، بەهۆی شەڕ و کێشە، کە بووەتە هۆی کوشتنی هاووڵاتییەک، زیاتر لە سێ دەیەیە لە زینداندان و تەنانەت لەو ماوەیەدا، ئیجازەی مورەخەسیشیان پێنەدراوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"سەڕەڕای هەوڵی چالاکانی مەدەنی بۆ لێخۆشبوون لەو سێ هاووڵاتییە، بنەماڵەی کوژراوەکە ڕەزامەندنییان لەسەر لێخۆشبوونی ئەو سێ کەسە نەداوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی ئەو ٣١ ساڵەدا، ئەو سێ هاووڵاتییە تەنانەت ڕۆژێک مورەخەسییان پێ نەدراوە و دوو کەسیان خێزاندارن.