١٦ هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان دەسبەسەر کراون

10:48 - 30 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە یەکەم ڕۆژی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە مەریوان، ١٦ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەسبەسەر و  بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگوێزراون.

هەواڵنێری کوردپا لە مەریوان لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند: "هاووڵاتییەک بە ناوی لوقمان خوراب، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی محەممەد، لەگەڵ ١٥ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە، لە مەیدانی جیهاد دەسبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، "لوقمان خوراب" خەڵکی گوندی "دەلـ"ـی شاری مەریوانە و لە کاتی هێنانی کوڕەکەی بۆ نەخۆشخانەی مەریوان، پاش دەستپێکردنی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لەو شارە، لە گۆڕەپانی  جیهاد، لەگەڵ ١٥ کەسی دیکە کە شوناسیان هەتا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە، دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بنەماڵەی خوراب بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی هێزە نیزامییەکانیان لەو شارە کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان تەنیا شەوێک لەو ناوەندە حکوومەتییە بووە، ڕۆژی دواتر (یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر)، ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئەوانیان بۆ گرتنگەی ئەوە ناوەندە ڕاگواستووە.

سەرچاوەی کوردپا لە مەریوان هەروەها زیادی کرد، پاش سەردانی بنەماڵەی لوقمان خوراب  بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەیە خۆیان بواردووە.