٨ هاووڵاتیی تر لە جوانڕۆ و مەریوان دەسبەسەر کران
ئاژانسی کوردپا: ٨ هاووڵاتی لە شارەکانی مەریوان و جوانڕۆ، بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان" دەسبەسەر و لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سۆران ڕاوەند" کوڕی "مەحموود" و خەڵکی مەریوان، لە ماڵی کەسیی خۆیان و بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان" دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی بێئکام ماوەتەوە.
هەروەها ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "باقی فەتاحی"، خەڵکی بانە، لە مەریوان دەسبەسەر و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
لەو پەیوەندییە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ٦ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی جوانڕۆیان بە ناوی "مەسعوود تاهیری، ئاروین ڕەزایی نژاد، ئارام سەعیدیان، ئارمان سەعیدیان، کەماڵ زاهیری و یاسر هیدایەتی"، دەبەسەر کردووە.
ئەو ٦ هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
لە لایەکی دیکەوە چەند ڕۆژ پیش، "کارۆ جانفدا" کوڕی "ڕەحیم" و خەڵکی مەریوان کە ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆنی لە گرتنگە ئازاد کرا.
وێنە: مەسعوود تاهیری، سۆران ڕاوەند و کارۆ جانفدا، کەماڵ زاهیری و ئارمان سەعیدیان