هاووڵاتیی بریندار بووی ڕووداوی تەقینەوەی مین چاوێکی لەدەست دا

22:02 - 31 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێکدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕووی دا، چاوێکی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، حەسەن مام ڕەسووڵی، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی گوندی\"مەزرا\" سەر بە شاری سەردەشت، کە بە هۆی تەقینەوەیی مینێک بریندار ببوو، چاوێکی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادرا لەو باریەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار و بوو بە هۆی کەمئەندام بوونی ناوبراو.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێشتا کەرەستە و تەقینەوەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لەو ناوچەیەدا بەجێماوە و ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵە لە کاتی دروست کردنی دیواری حەوشەی ماڵەکەیدا تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

حەسەن مام ڕەسووڵی بە هۆی قورسی برینەکەیەوە بۆ ناوەندی دەرمانی شاری ورمێ گوازتراوتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ٦ میلیۆن هێکتار لە زەوییەکانی ئێران ئالوودەی مینە و بە پێی ئامارەکان، زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە سەرتاسەری ئێران بوونی هەیە و کە لەو نێوانەدا پاریزگاکانی، ئیلام، کوردستان، کرماشان و ورمێ بە هۆی ئەمنیەتیی بوون و هەروەها سنووری بوونی ئەو ناوچانە، زۆرترین مینە چێنراوەکانی تێدایە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا(٩٥)ی هەتاوی، ٥٢ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەیی مین کوژراو و بریندار و ٩ کەس لەوانە منداڵ بوون.