٤ هاووڵاتی لە کرماشان لە سێدارە دران

16:41 - 13 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: ئەمڕۆ دووشەممە حوکمی ئێعدامی٤ کەس لە شاری کرماشان بەڕێوە چوو کە حوکمی ١ کەسیان لەبەر چاوی گشتی بوو.

هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی کردەوە سەر لەبەیانی دووشەمە ١ کەس لە مەیدانی ئازادی شاری کرماشان لەبەر چاوی خەڵک لە سێدارە دراوە.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی ئێران تاوانی ئەو کەسەی دەستدرێژی جنسی راگەیاندووە.

\"موجتەبا مەلەکی\" بەرپرسی دادوەریی گشتیی کرماشان رایگەیاند: سەرلە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٣ کەسی دیکەش حوکمی ئێعدامەکەیان لە ناو زیندانی شاری کرماشان بەڕێوە چووە.

لەو ٣ کەسە ئێعدام کراوە ٢ کەسیان پیاو و یەکی دیکەشیان ژن بووە.
ناوەندە قەزاییەکان تاوانی ئەو ٣ کەسەیان کڕێن و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان راگەیاندووە.

بەپێێ ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، تەنیا لە ماوەی ٢ مانگی رابەدوودا لە ناوچەکانی ئێران سەرجەم ١٤٥ کەس بەرەوڕووی حوکمی ئێعدام بوونەتەوە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ١١٨ کەس ئێعدام کراون و ٢٧ کەسیش بە ئێعدام حوکم دراون.