٨ هاووڵاتی لە شارەکانی کوردستان دەسبەسەر کران

10:50 - 5 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە سەقز، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "شیرکۆ کەریمی" کوڕی "محەممەد" و "فەریاد شامحەممەدی"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بێ ئاکام ماوەتەوە و هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە چارەنووسی دەسبەسەرکراوان لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی ناڕازی بە ناوی "سەعید قادری" خەڵکی بانە، لە ناڕەزایەتییەکانی جوانڕۆدا دەسبەسەر کراوە و لە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها لەو پەیوەندییەدا، شوناسی دوو کەسی دیکە لە دەسبەسەرکراوەکانی ئەم دواییانەی مەریوان بە ناوەکانی "ئومید یووسفی" کوڕی "محەممەد" و "شاهۆ مەنووچێهری" کوڕی "محەممەد" و خەڵکی ناوچەی هەورامان و دانیشتووی شارەکی "کانی دینار"ی مەریوان، بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە، چوار ڕۆژ پێش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

لە لایەکی دیکەوە، ٣ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان بە ناوەکانی "فەردین بەدەخش" کوڕی "لەتیف" و تەمەن ٢٣ ساڵ، "سینا جاست" کوڕی "سالار" و تەمەن ٢٢ ساڵ و "هادی ڕاستی" کوڕی "فەریق" و تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو ٣ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

"سینا جاست" ڕۆژی دووشەممە، ٤ی خەرمانانی ئەمساڵ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و ڕۆژی پینجشەممە، ٤ی ڕەزبەر، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.