٢ هاووڵاتی لە سەردەشت تووشی رووداوی سووتان بوون

17:20 - 17 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری سەردەشت ٢ هاووڵاتیی کورد بریندار بوون.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە گوندی \"بێژوێ\"ی سەربە ناوچەی \"ئالان\"ی شاری سەردەشت \"عەزیز شێخەپوور\" هاورێ لەگەڵ کچەکەی خۆی بە ناوی \"ئامینە\" بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نێو ماڵەکەیاندا بە توندی بریندار بوون و بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کراون.

ئەو رووداوە رۆژی یەکشەممە رێکەوەتی ١٥ی رێبەندان هاتۆتە ئاراوە کە هەتا ئێستا لەمەڕ باری تەندروستی ئەو ٢ هاووڵاتییە و هەروەها هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: خەڵکی گوندی \"بێژوێ\" هاوکات لەگەڵ روودانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە چەندین جار پەیوەندییان بە ئیدارەی \"ئاگرکوژێنەوە\"ی شاری \"سەردەشت\" کردووە، بەڵام لەلایەن ئەو ئیدارەیەوە هیج وەلامێکیان پێ نەدرابۆوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، کە هاووڵاتییانی ئەو گوندە لەبەر تەشەنە نەسەندنی ئەو ئاگرە، ماڵی \"عەزیز شێخەپوور\"یان بەسەر ئاگرەکەدا رووخاندووە.