٨ هاووڵاتی لە سنە بە ٨٠ مانگ زیندان و ٥٩٢ زەربە قامچی مەحکووم کرا

11:57 - 9 رەشەمه 2719

لقی ١٠٤ی دادگای کەیفەریی دووی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی قازی "ئومیدی"، ٨ هاووڵاتیی بە ناوەکانی "پوویا فەیزی" کوڕی "مەحیەدین"، "فواد قارەمانی" کوڕی "تۆفیق"، "فواد عەنایەتی" کوڕی "عەلادین"، "ئیبراهیم ئاقایی" کوڕی "عەبدولقادر"، "محەممەد شەهبازی" کوڕی "خوسرەو"، "فەرهاد تاری مواردی" کوڕی "حوسێن"، "ئەحمەد مورادی" کوڕی "عەبدوڵڵا" و "ڕەزا ڕەجایی" کوڕی "عەلی ئەکبەر" بە ٨٠ مانگ زیندان و ٥٩٢ زەربە قامچی مەحکووم کرد.

ئەو ٨ هاووڵاتییە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژئاوا لە شاری سنە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

لەو دۆسیەیەدا، "محەمەمد شەهبازی" خەڵکی شاری سەمیرەم سەر بە پارێزگای ئیسفەهان و "ڕەزا ڕەجایی" خەڵکی شاری ئیسفەهانن.

"فواد عەنایەتی" لەو دۆسیەیەدا بە ١٠مانگ زیندانی و لێدانی ٧٤ زەربە قامچی  مەحکووم کرابوو، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ دەسبەسەر و پاش سێ مانگ لە دەسبەسەری، مانگی بەفرانبار بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

بەڵگەی دادگاییکردنی ئەو ٨ هاووڵاتییە لە لای ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا پارێزراوە.

وێنە: فواد عەنایەتی