١٥ هاووڵاتی دەسبەسەر کراوی شاری مەهاباد بە دانانی گرێو ئازاد کران

20:42 - 18 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ١٥ هاووڵاتی شاری مەهاباد، دوای دەسبەسەر کردنیان و گواستنەوەیان بۆ زیندانی ئەم شارە بە دانانی گرێو ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕەزبەری، ١٥ هاووڵاتی دەسبەسەر کراو بە بۆنەی کۆبوونەوەکانی پشتگیریی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە دانانی گرێو لە زیندان ئازاد کران.

هەواڵنێری کوردپا لە مەهاباد ڕایگەیاند: ئەم ١٥ هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرا بوون.

هەواڵدەریی کوردپا، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: ٥ کەس لە زیندانییەکان بە دانانی گرێوی ١٠٠میلیۆن تمەنی و ١٠ی دیکەشیان بە دانانی گرێوی ٥٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کراون.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ٣ لەم زیندانییە ئازاد بووانەی بەم شێوە ڕاگەیاند: \"ئیسماعیل دانش، مستەفا ڕەسوڵپووری سارتکەیی و جەلال ڕازی\".

دوای بەڕێوەچوونی گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهاباد، سنە، سەقز، جوانڕۆ، بانە، کامیاران و سائین‌قەڵا ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد بە تاوانی \"بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پشتیوانیی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان\" دەسبەسەرکرد.

لە مەڕ چارەنووسی زۆرێک لە گیراوان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزەکانی ئیتلاعات هیچ جۆرە وەڵامێک سەبارەت بە چارەنووسی گیراوەکان بە بنەماڵەکانیان نادەن.