٣١٥ هاووڵاتی خەڵکی شاری قورووە بە هۆکاری نادیار ژەهراوی بوون

16:10 - 23 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: ئاماری ژەهراوی بوونی هاووڵاتییانی کورد لە شاری قورووە بەرزبووە و لە ٢٠٠ کەسەوە گەیشتە ٣١٥ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر، ٣١٥ کەس لە هاووڵاتییانی خەڵکی شاری قورووە، بە هۆکاری نادیار ژەهراوی بوون.

بەرپرسی تۆڕی بێهداشتی شاری قورووە، ڕایگەیاند: \"٥٠ کەس لە ناوچەی سریش‌ئاوی شاری قورووە و ٢٠٠ کەسی دیکە لە شاری قورووە ژەهراوی بوون و ئەو لێدوانەی بەرپرسە بێهداشتییە، ڕۆژی ڕابردوو، بووە\".

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەو ئامارە هەنووکە بۆ ٣١٥ کەسی دیکە کە ژەهراوی بوون، بەرزبووەتەوە، بەپرسانی حکوومەتی و لایەنە پەیوەندییدارەکانیش، سەبارەت بە ژەهراوی بوونی هاووڵاتییانی قورووەی، هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

لەوپەیوەندییەدا، تەنیا بەرپرسی تۆڕی بێهداشتی شاری قورووە بە شێوەی نافەرمی هۆکاری ژەهراوی بوونی ئەو هاووڵاتییانەی بۆ سەوزیجات و شیرینیی نابێهداشتی گەڕاندووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە خۆجێیەکان، ژەهراوی بوونی ئەو هاووڵاتییانە، بە هۆی ئالودەبوونی ئاوی خاوێنەوە هەبووە، بەڵام بەرپرسی تۆری بێهداشت ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە و پەیوەندییدا بە خواردنی سەوزیجات و شیرینیی نابێهداشتییەوە.