٥ هاووڵاتی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزران

12:13 - 20 رەشەمه 2719

پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی: "سەید ئەحمەد سەبری خەڵکی پەسوێ، عەبدوڵڵا حەسەنزادە خەڵکی پەسوێ، محەممەد ئیبراهیمزادە خەڵکی گوندی خورنج، محەممەد ئەلیاسی کوڕی محەممەد تاهیر خەڵکی نەغەدە و سەلام بارزگانی خەڵکی پەسوێ"، پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کراون.

ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هەروەها، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی "سەید مستەفا سەبری"، تەمەن ٧٠ ساڵ و خەڵکی پەسوێ، پاش چەند کاتژمێر دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئازاد کرابوو  و هەروەها عەبدوڵڵا حەسەنزادە پاش دوو ڕۆژ لە ئازاد کرانی لە گرتنگە، دووبارە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

‌هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، دەستیان بەسەر هەندێک کەرەستەی ئەواندا گرت و لەگەڵ خۆیان بردبوویان.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

وێنە: محەممەد ئیبراهیمزادە، سەید ئەحمەد سەبری، سەلام بازرگانی، عەبدوڵڵا حەسەنزادە و محەممەد ئەلیاسی