هاندەرێکی یاری تۆپی پێ لە سەلاسی باوەجانی کوژرا

13:32 - 22 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: جامی تۆپی پێی گوندەکانی سەربە شارستانی سەلاسی باوەجانی، کە بەبۆنەی \"دهە فجر\" لە حالێ بەڕێوەچووندابوو، توندوتیژیی لێکەوتەوەو بەو هۆیەوە یەکێک لە هاندەران بووە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو لە میانەی رکابەریی تۆپی پێی \"جامی گوندەکان\"ی سەربە شارستانی سەلاسی باوەجانی، شەر و ئاڵۆزی لە نێوان یاریزانان و هاندەرانی دوو تیمی تۆپی پێی گوندەکانی سەربە شارەدا هاتە ئاراوەو لە ئەنجامدا هاووڵاتییەکی خەڵكی گوندی \"قاڵیچە\"ی سەربە شارە کوژرا.

ئەو هاووڵاتییە ناوی ئازاد رەزایی و خەڵکی گوندی قاڵیچەی سەربە شارستانی سەلاسی باوەجانی بووە، کە لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی نێوان هاندەران و یاریزانانی دوو تیمەکەدا کوژراوە.

جامی تۆپی پێی گوندەکانی سەلاسی باوەجانی لە گوندی نگرەی شاری سەلاسی باوەجانی لە حاڵی بەڕێوەچووندابوو، کە ئەو شەڕە لە نیوەی یارییەکەدا دروست بووە.

هەتا ئێستا روون نەبۆتەوە کە ئەو هاندەرەی تیمی تۆپی پێی گوندی قاڵیچە بەدەستی کێ کوژراوە، بەڵام هاندەران و یاریزانانی خەڵکی گوندی قاڵیچە لەگەڵ هاندەران و یاریزانانی گوندی \"خانە شۆر\" بە کێشە هاتوون.

دەگوترێ کە ئەو هاندەرە نەخۆشیی دڵی هەبووەو هەتا ئێستا چۆنیەتیی کوژرانەکەی روون نەبۆتەوە.

ئارام.ح