هادی محەممەدی: دەبێ وەکوو مێژوو، زمان و ناسنامە سەیری جیهانبینی گاتاکانی زەردەشت بکەین

18:38 - 24 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: هادی محەممەدی وەرگێڕ و نووسەرێکی جیدی و کارا و قەڵەمێکی دەروەست لە هەمبەر زمان و ناسنامەی کورد کۆمەڵێک بەرهەمی هەیە، لەمەڕ دوو بەرهەمی تازەی و کۆمەڵێک پرسی پێوەندیدار بە وەرگێڕان، ئاژانسی کوردپا چەند پرسیارێکی ئاراستە کردووە.

کوردپا: ماوەیەک لەمەوپێش کتێبی (گاتاکان) لەلایەن بەڕێزتانەوە لە زمانی فارسییەوە بۆ کوردی وەرگێڕدا و بڵاو کرایەوە، هەر وەک دەزانین پێشتر کتێب، دەق و سەرچاوەی زۆر لەسەر گاتاکانی زەردەشت بڵاوکراوەتەوە، جیاوازیی ئەم کتێبەی ئێوە لەگەڵ دەقەکانی دیکە لە چی دایە؟

\"9751.jpg\"
هادی محەممەدی: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە من دەستم کرد بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە ئەوەیە کە ئێمەی کورد دەبێ وەکوو \"مێژوو، زمان و ناسنامە\"، سەیری بیر و جیهانبینی گاتاکانی زەردەشت بکەین، نەک وەک دین و مەزهەب. بۆ وێنە، ماوەیەک پێش بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبەی من، بەڕێز \"بورهان قانع\" دەقێکی لە ئاڤێستا و گاتاکان وەرگێڕاوە. ئەم وەرگێڕانەی بورهان قانع جیا لەوەی کە کۆمەڵێک خورافاتی دینی تێدایە، ئەو بەڕێزە لە پێشەکی کتێیەکەیدا، تەنانەت لە یەک دێڕدا باسی لەوە نەکردووە کە بۆچی ئەو کتێبەی وەرگێڕاوە؟ یان پێوەندیی نێوان ئەو و زەردەشت لەچی دایە؟ بەڵام من لەهەمان کاتدا باسی پرسی هەرە گرینگی ناسنامەم لە پێشەکی کتێبەکەمدا ورووژاندووە، بەپێی ئەو بەڵگە و دێکیۆمێنتانەی کە هێناومەتەوە، باسی ئەوەش دەکەم کە بیر و کولتووری ئەهوورایی زەردەشت بناغەی زمان و کولتوور و مێژووی کورد پێکدێنێت.

کورد وەک خاوەنی گاتاکانی زەردەشت هەم لەلایەن رۆژهەڵاتناسان و هەم لەلایەن زۆرێک لە نووسەرانی شۆڤێنیستی فارسەوە غەدرێکی گەورەی لێکراوە. یانی ئەوان چ بەهۆی نەزانی یان بە مەبەستێکی شئۆنیستی زێد و ئاخێزگەی زەردەشتیان لە کوردستانەوە گواستۆتەوە بۆ تاجیکستان و ئەفغانستان و دەڵێن کە زەردەشت خەڵکی ئەو دەڤەرە بووە. من لە پێشەکیی کتێبەکەمدا باسی ئەم غەدرەم کردووە. چونکە زەردەشت لە تێکڕای گاتاکاندا باسی راستی و دروستی دەکا و دوژمنی درۆ و چەواشەکارییە. من لەم پەیوەندییەدا بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوە بۆ وێنە: ٢ کتێبی نەمر \"عیمادالدین دەوڵەتشاهی\" ئەم پرسەم روون کردۆتەوە.
عیمادەدین دەوڵەتشاهی ماوەی ٣٠ ساڵ لە تەمەنی خۆی بۆ فێر بوون و تۆژینەوەی ئاڤێستا تەرخان کردووە و پاشان هەموو کوردستان گەڕاوە و هەر ٢٣ زاراوەی زمانی کوردی لە نزیکەوە ناسیوە و پاشان دوو دەقی لە ئاڤێستا بە ناوەکانی \" زامیاد یەشت و فەروەدین یەشت\"ی وەرگێڕاوە. لە هەموو ئاڤێستادا تەنیا لە \"زامیاد یەشت\"دا باسی شوێنە جوغرافیاییەکان دەکرێت کە تێیدا گەشتی مێژوویی زەردەشت و هاوڕێیانی روو ئەدات. ئەویش بریتییە لە کوردستان واتە هەر لە دەورووبەری سنە و کرماشانەوە تا هەمەدان و سەرپێڵی زەهاو. لەم یەشتەدا ناوی زۆربەی ناوچەکانی کوردستان دەبرێت و باسی دەشت و رووبار و شاخەکان دەکرێت کە هیچکام لە ئاڤێستاناسان بە ئێرانی و رۆژئاواییشەوە تا ئێستاش ئەم شتەیان نەزانیوە. تەنانەت \"پوورداوود\"یش کە وەک باوکی ئاڤێستاناسانی ئێرانی دەناسرێت و رێز و پرستیژێکی زۆریشی هەیە، نەیزانیوە کە رووباری ئەڵوەن لە کوێ دایە و هەڵکەوتەی جۆغرافییەکەی دەکەوێتە کوێ.

هەروەها نووسەر و رۆماننووسی بەناوبانگی فارس \"سادق هیدایەت\" لە وەرگێڕانی \"بەهمەن یەشت\"دا، کاتێ کە بە وشەی \"دادار\" دەگات، دەنووسێ ئەم وشەیە لە سەردەمی زەردەشتدا بە \"داذار\" بێژکراوە، کە ئێستا لە زمانی فارسیدا بەوجۆرە بێژ (تلفظ) ناکرێت. بەڵام پێویستە بزانین کە ئەم وشەیە ئێستاش لە زمانی کوردیدا و بەتایبەتی لە زاراوەی \"هەورامی\"دا هەر بەوجۆرە دەبێژرێت. ئەم دەنگ/فونیمە کە دەنگێکی ئاڤێستاییە ئێستا لە زمانەکانی دیکەدا و بەتایبەت لە زمانی فارسی دا بوونی نییە. من دەمەوێ بڵێم کە ئاخێزگە و سەرچاوەی زمان و کولتووری ئاڤێستایی زەردەشت، کوردستان بووە و ئێستاش ئاسەوارەکانی ماوەتەوە.

له‌مه‌ڕ گرنگیی زمانی کوردی بۆ وه‌رگێڕان و توێژینه‌وه‌ی ئاڤێستا، ده‌وڵه‌تشاهی به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێ که‌ ئاڤێستا به‌زمانی کۆنی کوردی نووسراوه‌، بۆ نموونه‌هه‌موو یه‌شته‌کانی ئاڤێستا به‌م دێڕه‌ ده‌ست پێده‌که‌ن: \"په‌ناممه‌ئه‌و یه‌زدانه‌ن تا ئه‌وه‌زایات\"، یانی: په‌نام وه‌ئه‌و یه‌زدانه‌که‌تۆی زاوه‌، که‌تۆی به‌دیهێناوه‌. وه‌ک ده‌بینین ئه‌م رسته‌یه‌ کوردییه‌ و هه‌ر ئێستاش زۆربه‌ی کوردان لێی تێده‌گه‌ن. یان له‌فه‌روه‌ردین یه‌شت دا هاتووه‌: \"ئەشم ڤه‌هو، فره‌وه‌رانی، فره‌س سێته‌ئیچە\" یانی: ئه‌وشم/ ئێژم وه‌ئه‌هورا، فره‌ده‌یڵێمه‌وه،‌فره‌ن ستایشکارانت.\' به‌مجۆره‌ وه‌ک‌ ده‌بینن ئاڤێستا به‌زمانی کۆنی کوردی نووسراوه‌و هه‌ر توێژه‌ر و پسپۆڕێک گه‌ر زمانی ئاڤێستاییش به‌باشی بزانێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زمانی کوردی نه‌زانێ و شاخ و ده‌شته‌کانی کوردستان نه‌ناسێ، بێگومان تووشی سه‌رلێشێوان ده‌بێت.

هەروەها بە بڕوای من رەوتی رۆشنبیریی کوردی دەبێ بتوانێ لە نێوان بیری گاتایی زەردەشتی و بیری مۆدێڕن و سێکۆلاری ئوروپایی‌دا سەنتێز دروست بکات. چونکە کاتی خۆی لە سەردەمی رێنێسانسدا زۆربەی بیرمەندانی سەردەمسازی ئوروپا، کەسانێک وەک: دیدرۆ، ڤۆڵتێر، نیچە و هێگێل بۆ داڕشتن و فورمووڵە کردنی بیر و فەلسەفەی خۆیان، پشتیان بە گاتاکانی زەردەشت و ئەندێشەی گاتایی زەردەشت بەستووە. چونکە جیهانبینی و ئەندێشەی گاتایی بێرێکی گشتگیر، دنیایی و سیکۆلارە و بەدوورە لە خەیاڵات و خورافات. کەوابوو کاتێک بیرمەندانی سەردەمسازی ئورووپا بۆ دارشتن و فۆرموولە کردنی فەلسەفەی خۆیان و نوێ‌کردنەوەی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگەی ئورووپایی سوودیان لە بیری زەردەشت وەرگرتووە، ئەی ئێمەی کورد وەک خاوەنی بیر و ئەندێشەی \"زەردەشت\"، بۆ ئەو کارە نەکەین و کەڵکی لێ وەرنەگرین. واتە وەرگرتنی بناغە کۆن و دێرینەکانی زمان و کولتوورەکەمان ئاوێتەی دێمۆکراسی و سێکۆلاریی رۆژئاوایی بکەین و بە درووستکردن و پێکهێنانی سەنتێزێکی لەو چەشنە بتوانین ناسنامە و مێژوو و کولتوورێکی رەسەن و هاوکات مۆدێرن دابڕێژین و هەنگاوێکی ئێجگار گرینگ بەرەو دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ هەڵبگرین. چونکە هەر نەتەوەیەک تا کاتێ کە خاوەنی دەفتەر و دیوان نەبێت، ناتوانێ بناغەی دەوڵەت و دەسەڵاتی سەربەخۆ دابڕێژێت.

\"9753.jpg\"
کوردپا: لەم رۆژانەدا کتێبی\"ئیکسیری وشە\" لە نووسین و وەرگێڕانی بەڕێزت بڵاوبۆتەوە، تکایە لەسەر ناوەرۆکی ئەو کتێبە زانیاریی زیاتر بۆ خوێنەران باس بکە و بڵێ خاوەن چ تایبەتمەندییەکە؟

هادی محەممەدی: کتێبی ئێکسیری وشە چەند دەقێکی نووسینە لەسەر ئەو دەقانەی کە پێشتر وەرگێردراون بۆ وێنە شێعرە بەناوبانگەکەی \"تی ئێس ئێلیۆت\" وێرانە خاک کە پێشتر لەلایەن \"مەحموود زامدار و عەتا قەرەداغی\"یەوە ورگێڕدراوە و هەر دوویان وەرگێڕانێکی ناتەواو و پڕ لە هەڵەیان ئەنجام داوە. من بۆ وەرگێڕانی سەرلەنوێی ئەم دەقە هەر دوو دەقە کوردییەکە و چوار دەقی فارسی و دەقە ئینگلیزیەکەشم لەبەر دەستدا بووە و بە بەراوردکردنی ئەوانە هەوڵم داوە وەرگێڕانێکی دروستتر لەو شاکارە ئەدەبییەی سەدەی بیستەم پێشکەش بکەم کە کاتی خۆی خەڵاتی ئەدەبی نوبێلی وەرگرتووە. لە هەمان کاتیشدا بەکورتی باسم لە کەموکۆڕی دەقەکانی \"مەحمود زامدار و عەتا قەرەداغی\" کردووە و کۆمەڵێک پەراوێز، شیکردنەوە و لێکدانەوەم وەرگێراوە و لەو کتێبەدا گونجاندوومە.

هەروەها کارە بەناوبانگەکەی \"ئۆکتاڤ یو پاز\" {بەردی هەتاو} کە پێشتر لەلایەن \"ئەحمەدی مەلا و یوونس رەزایی\"یەوە بەکودری وەرگێردراوە، لەگەڵ ٢ دەقی فارسی بەرواردم کردووە، بۆ ئەم مەبەستە دوو دەقی ئینگلیسیشم لەبەر دەستدا بووە. تەنانەت لە شوێنێکدا کە پێویست بوو بە یارمەتیی وەرگێڕ گەڕامەوە سەر دەقە ئێسپانیاییەکە. بپ ئەم مەبەستە بە نووسینی وتارێکی درێژ بە ناوی\" زمان، ستایل، فۆرم\" باسم لەوە کردووە کە نووسەر یان وەرگێڕ دەبێ خاوەن چ تایبەتمەندییەک بێت تا بتوانێ دەقێکی بەپێز و تۆکمە بخولقێنێ بەجۆرێک کە لە مێژوودا بمێنێتەوە.

بۆ وێنە هەر دوو وەرگێڕی فارس زمان \"ئەحمەد میرعەلایی و ئیسماعیل‌پوور\" لەبەر ئەوی کە هەر دووکیان شارەزا و بەئەزموون و خاوەن \"ستایل\"ن، توانیویانە ٢ دەقی سەرکەوتوو بخولقێنن. بەتایبەتی دەقی \"ئیسماعیل‌پوور\" لەباری فۆرم و زمانەوە ئێجگار تۆکمە و بەهێزە. بەڵام کاتێک چاو لە دەقە کوردییەکان دەکەی، لاوازیی تەواویان پێوە دیارە و نەیانتوانیوە فۆرم و ناوەرۆک و جوانکاری ئەو دەقە مەزنە بگوێزنەوە و بەپوختی بە خوێنەری کوردی بناسێنن.

هەروەها ئەم کتێبە چەندین شێعر لە \"پووشکین\"ی تێدایە. هەروەها باسی ژیان و رۆڵی ئەدەبی پووشکین و \"مایاکۆڤسکی\" تێدایە. جگە لەوەش وتارێکی ئەدەبی مایاکۆڤسکی و بەرهەمە بەناوبانگەکەی، واتە \"هەوری پانتۆڵپۆش\"ی تێدایە و باسی رۆڵ و کاریگەری مایاکۆڤسکی و ستایلی فۆتۆریزم لە ئەدەبیاتی رووسی دا دەکرێت.
لە شعری فەرانسە چەند دەقێکم لە سێ شاعیری بەناوبانگ \"بودلێر، رامبۆ و پۆل ئێلوار\" وەرگێڕاوە و هەروەها وتارێکی ئەدەبی ئارتۆر رامبۆ. جگەلەوەش باسی سەردەم و رۆڵی ئەدەبی ئەم شاعیرانەشی تێدایە.

دەبێ ئەوەش بڵێم کە ٣ شێعری سێ شاعیری ئێرانی \"نیما یوشیج، ئەحمەد شاملو و سەید عەلی ساڵحی\"شی تێدایە.

کوردپا: زمان وەک یەکێک لە توخمە گرینگەکان لە کاری وەرگێڕاندا دەور دەگێڕێ، جەنابت لە کاری وەرگێڕاندا چۆن هەڵسوکەت لەگەڵ زماندا دەکەی و ئەم پرسە لەلای وەرگێری دیکەی کورد و بەتایبەت لەم بارۆدۆخەی ئێستادا چۆن دەبینی؟
هادی محەممەدی: بە بڕوای من وەرگێڕی شارەزا دەبێ ئەوەندە شارەزا و بەئەزموون بێت کە خاوەن زمان و ستایلی تایبەت بە خۆی بێت. من لە پێشەکی کتێبی \"ئیکسیری وشە\"دا وەرگێڕی خاوەن ئەزموونم بە درەوان شوبهاندووە. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌که‌ دره‌وانی شاره‌زا و به‌ئه‌زموون سێ تایبه‌تمه‌ندی به‌رجه‌سته‌ی هه‌یه‌؛ ١. سواڵه‌کانی تۆکمه‌و پته‌ون، 2. شوێنی ده‌ستی ئێجگار پاک و خاوێنه‌، ٢. له‌درێژه‌ی ره‌وت و بزاڤی داس و گوڵه‌گه‌نمه‌کان دا جۆرێک یاری شیرین و هارمۆنیک به‌دی دێت که‌دنیایه‌ک چێژ و له‌زه‌تت پێده‌به‌خشێ.

بۆیه‌ زۆر جار نووسه‌ر و وه‌رگێڕ به‌دره‌وان ده‌شوبهێنم، هه‌ر که‌پاراگرافێک له‌نووسه‌ر یان وه‌رگێڕێک بخوێنمه‌وه‌، ئه‌زانم چه‌ن مه‌رده‌ هه‌لاجه؛‌ وه‌ک دیتنی سواڵه‌یه‌ک له‌ دره‌وان؛ دواتر له‌درێژه‌ی خوێندنه‌وه‌دا به‌دیتنی چۆنیه‌تی چنینی وشه‌کان، رسته‌کان، کوپله‌کان و به‌شه‌کان، ئه‌زانم که‌نووسه‌ر چه‌نده‌ مرۆڤێکی زمان پاک و به‌زه‌وق و ‌ته‌میزه‌؛ جاڕی خاوێن و ریزی سواڵه‌ی تۆکمه‌ی دره‌وانی شاره‌زا‌؛ له‌قۆناغی سێهه‌م دا به‌هه‌ست کردن به‌کێش و هارمۆنی چه‌ندین توخمی فره‌چه‌شن و جیاواز و دژواز، که‌هاوکات فۆرم و ناوه‌رۆک پێکدێنن و پێکهاته‌ی تۆکمه‌ی به‌رهه‌م ده‌خولقێنن، ئه‌وجار به‌ته‌شقی له‌زه‌ت ئه‌گه‌م و ئافه‌رین بۆ نووسه‌ر/وه‌رگێڕ ده‌نێرم؛ ئاواز و هارمۆنی داس و گوڵه‌گه‌نمه‌کان و جاڕی ته‌میز و ریزی سواڵه‌ی تۆکمە.

به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌، کاری نووسه‌ر و وه‌رگێڕی بێ زه‌وق و بێ ئه‌زموون، رێک وه‌ک کاری دره‌وانی ناشاره‌زا وایه‌، ریزی سواڵه‌ی شل و شێواو، جاڕی شپرز و شپڵۆخ و یاری وه‌ڕز و ناخۆشی داس و گوڵه‌گه‌نمه‌کان که‌هاوکات بینه‌ر/خوێنه‌ر وه‌ڕز ده‌کات و به‌ناچار بیزی هه‌ڵده‌ستێ و هانا بۆ شت یان ده‌ڤه‌رێکی تر ده‌بات.
من پێموایە بۆ کاری وەرگێڕان تەنیا زانینی هەر دوو زمان بەس نییە، بەڵکوو زەوق و سەلیقەی وەرگێڕ دەوری سەرەکی هەیە بۆ ئەوە کە بتوانێ و بزانێ لە کەی و لە کوێدا کام وشە بەکار بێنێ. بەجۆرێک کە چنین و لێکتەنینی وشە، رستە و کۆپلەکان کێش و هارمۆنی هەبێت و بەمجۆرە دەقێکی خاوەن فۆرم بخولقێنێت.

کوردپا: وەک پێناسەیەکی باو، وەرگێڕان پردی پێوەندیی نێوان کولتوورە جیاجیاکانی میللەتانە، ئەم پرسە لەلای وەرگێڕە کوردەکان چۆنە و ئاخۆ کورد توانیویە لەم سۆنگەیەوە خۆی بە گەلانی دیکە بناسێنی؟

هادی محەممەدی: بێگومان ئەوە شتێکی حاشا هەڵنەگرە، بەڵام بەداخەوە کورد هەموو شتێکی سەقەت و ناتەواوە. لە سەردەمی رێنێسانسدا ئوروپاییەکان بەپشت بەستن بە دەقە بیانییەکان بەتایبەت وەرگێڕانی دەقەکانی دوو بیرمەند سەردەمانی کۆن\"زەردەشت و هراکلیتووس\" توانیان دونیای کولتوور و شارستانیەتی خۆیان نوێژەن بکەنەوە و لە بەرامبەر بیری سەدەکانی ناوەڕاست و ئەنگیزاسیۆنی کلیساکاندا بوەستن و کۆمەڵگەی ئورووپا وشیار بکەنەوە و بەمجۆرە وەرچەرخانێکی مەزنی کولتووری بخولقێنن. ئێرانییەکانیش لە سەدەی ٣ و ٤ی هجریدا بیر و ئەندێشەی یۆنانییەکان وەردەگێڕن و زۆر سوودی لێ وەردەگرن بەجۆرێک کە لەو سەردەمەدا ئێران دەبێت بە لانکی فەلسەفەی رۆژهەڵات.
یان لە سەردەمی مۆدێڕنیشدا دیسان نووسەرانی ئێرانی ئەندێشەی بیرمەندانی ئوروپایی وەک: مارکس، رۆسۆ، نیچە و هەروەها نووسەرانی لێبراڵ وەردەگێڕن و بەمجۆرە کۆمەڵگای ئێران لە مانای چەندین چەمکی وەک دێمۆکراسی، سێکۆلاریزم، مافەکانی مرۆڤ و پارلەمانتاریزم تێدەگەن و بەمجۆرە وشیار دەبنەوە و داوای سیستمی دیموکراتیک و سەروەری قانوون و مافەکانی خۆیان دەکەن. هەموو ئەم شتانە بەهۆی کاریگەری ورگێڕان بەدی دێت.

کوردپا: رەوشی ئێستای وەرگێڕان لە هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

هادی محەممەدی: بەگشتی من هیچ لەم رەوشەی ئێستا رازی نیم. دەبێ پێوەرێک هەبێت و بووژانەوەیەک روو بدات، وەک دەیەی١٩٧٠ کە کۆڕی زانیاری کورد کاری دەکرد. ئێستا لە باشوور زۆربەی وەرگێڕەکان یان بۆ ناو و ناوبانگ، یان بۆ پارە، یان بۆ سەرگەرمی کاری وەرگێڕان دەکەن. کەم کەس دەبینی کە لە خەمی گەشەی زمان و کولتوردا بێت. لە باشور تەنانەت شتی زۆر تەوساوی و پێکەنیاوی رووئەدات: هەندێ کەس هەن کە دەڵێن بۆ ئەوە کاری وەرگێڕان دەکەین تا بەڵکوو فێری زمانی فارسی ببین... من پێم وایە کە دەبێ نووسەران و وەرگێڕان و هەموو ئەو کەسانە کە کاری نووسین و کاری کولتوری دەکەن، کەسانێکی لێزان و بەرپرس و شارەزا بن. خاوەن وشیاری سیاسی فەلسەفی بن، رۆحی سەردەمی خۆیان ناسیبێت و هەست بە ئەرکی مێژوویی خۆیان بکەن. دەبێ حکومەتی هەرێمیش کارێک بکات کە نووسەران و وەرگێڕەکان خاوەن رێز و پرستیژ بن، تا بتوانن کاری گرنگ و مێژوویی ئەنجام بدەن. کارێک کە بناغەی دیسکورس و ناسنامە بۆ نەتەوەی بندەستی کورد دابڕێژێت. بۆ نموونە لە حەفتاکاندا \"کۆڕی زانیاریی کورد\" کۆمەڵێک کاریان کرد کە هەتا ئێستاش وەک بەڵگە و سەرچاوە دێنە ئەژمار و گەلی کورد شانازییان پێوە دەکات. بەڵام ئەمڕۆ کاری نووسین و کاری فەرهەنگی وەک بایەخ سەیر ناکرێت و بەتایبەتی لەناو بەرەی نوێ دا بەها فەرهەنگی و هونەرییەکان، زمانی تۆکمە و ... هیچ بایەخێکی نییە. بەرەیەک پەیدا بووە کە بایەخی هونەر ناناسێت و زەوق و چێژی هونەریی تێکدراوە. من پێم وایە بۆ نەمانی ئەم دیاردەیە دەبێ بزاڤێکی نو‌ێبوونەوە و بووژانەوە لە کوردستانی رۆژهەڵات یان لە باکوورەوە پەرەبستێنی و بەهێز بێت و کوردستانی باشووریش ببوژێنێتەوە. چونکە ئێستا لە هەرێمی کوردستان رەوتێکی سۆفیانە و عارفانە زاڵە کە بەگشتی هیچ گرینگییەک بە زمانی کورد و مەسەلەی کورد، ناسنامە و نەتەوە و پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی نادات. هەر دەڵێی لە دەرەوەی مێژوو دایە. لێرە دایە کە ئەرکی نووسەران و رەوتی رۆشنبیری بەشەکانی دیکەی کوردستانە دەردەکەوێت. یانی رەوتی رۆشنبیری بەشەکانی تری کوردستان ئەتوانێ کاریگەری قوڵی هەبێ و هەرێمی کوردستانی باشوور وشیار بکاتەوە. چونکە تا ئێستاش هەرێمی کوردستان بە مەنزڵگەی مەبەست نەگەیشتووە و کێشەی مێژوویی خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە.