٤ حاڵەتی دەسبەسەرکران لە بۆکان؛ دیار حاجی ڕەسووڵپوور، دیان ڕەسووڵپوور و ئەحمەد زرەنگیش دەسبەسەر کران

01:09 - 15 سەرماوەز 2725

١٤ی سەرماوزەی ١٤٠٤؛ بە دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "دیار حاجی ڕەسووڵپوور"، "دیان ڕەسووڵپوور" و "ئەحمەد زرەنگ"، لە ماوەی یەک ڕۆژدا چوار هاووڵاتی لە شەپۆلێکی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. پێشتر کوردپا هەواڵی دەسبەسەرکرانی "سلێمان(محەممەد) ئیسماعیلی"ی لە هەمان ڕۆژدا بڵاو کردبوویەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەم شەپۆلەی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانە و توندوتیژەکان دەڵێ؛ نیوەشەوی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک بە توندوتیژی و لێدان دەسبەسەریان کردن و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستن. هەروها لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم کەسانەدا، دەستیان بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانیان و مۆبایلەکانیاندا گرت.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە وردەکاریی شوناسی دەسبەسەرکراوان ڕوونی دەکاتەوە؛

"دیار حاجی‌ڕەسووڵپوور"، کوڕی سەلاح و خەڵکی شاری بۆکانە.

"دیان ڕەسووڵپوور"، کوڕی ڕەحیم و خەڵکی شاری بۆکانە.

"ئەحمەد زرەنگ"، کوڕی غەفوور و خەڵکی گوندی "گڵۆڵان" سەر بە شاری بۆکانە.

پێشتر کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤، "سلێمان (محەممەد) ئیسماعیلی"، هاووڵاتیی تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی میراوێی بۆکان، دوابەدوای هێرشی توندوتیژی نزیکەی ٣٠ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان، سپا و هێزە خۆجێیەکانی ناسراو بە "جاش" بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو. هێزەکان پاش پشکنین و تێکدانی بەشگەلێک لە ماڵەکە، مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەکە و چەند بەرگ کتێبیان لەگەڵ خۆیان بردووە و دواتریش هێرشیان کردووەتە سەر خانەباخەکەی و بە ڕەگبار، دەرکە، پەنجەرە و دیوارەکانیان تێک داون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم چوار هاووڵاتییە ڕانەگەیەندراوە و زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگیران و دۆخیان لەبەر دەستدا نییە.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."