مەریوان؛ دەسبەسەرکرانی عەزیزە مورادیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار
سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەزیزە مورادیان" تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵكی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری سنە و دانیشتووی مەریوان لەلایەن هێزە ئەنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کودپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: مۆبایل و کەلوپەلە کەسییەکانی ئەم ژنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: عەزیزە مورادیان لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە تاکوو ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
ئەم هاووڵاتییە دوو منداڵی هەیە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم ژنە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.