٤ حاڵەتی دەسبەسەرکران لە شنۆ؛ شۆڕش سەرڕووت و ئیسماعیل سەیدمەحموودیانیش دەسبەسەر کران

01:01 - 15 سەرماوەز 2725

١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ بە دەسبەسەرکرانی "شۆڕش سەرڕووت" و "ئیسماعیل سەیدمەحموودیان" لە شنۆ، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە چوار کەس و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.

 پێشتر کوردپا هەواڵی دەسبەسەرکرانی "حەسەن شادیخا" و "شوانە ئیبراهیمی"شی بڵاو کردبوویەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم دەسبەسەرکرانانە بە کوردپای وت؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ـەوە، "شۆڕش سەرڕووت" هاووڵاتیی تەمەن ٢٨ ساڵەی خەڵکی گوندی "نەلیوان" بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و تێکدانی ماڵەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر کراوە.

هەروەها ئیسماعیل سەیدمەحموودیان هاووڵاتیی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی شنۆ، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لە "پارکی ساحلی"ی شنۆ و لەپێش چاوی بنەماڵەکەی، بە بێ بەڵگەی ئاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. ئیسماعیل سەیدمحەموودیان کارمەندی جەهادی کشاوەرزییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا، "حەسەن شادیخا" هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "سینگان"ی شنۆ و "شوانە ئیبراهیمی" هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێ" سەر بە شنۆ، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٤، "شەهرام نەجاری" هاووڵاتیی تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی گوندی "دەلوو" و دانیشتووی "دزەی دۆڵ" سەر بە شاری ورمێ، بە بێ بەڵگەی یاسایی و لە شوێنی کارەکەی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراو تاکوو ئێستا بێ‌ئاکام بووە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکران یان تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە ناڕوونە و هێزە ئەمنییەتییەکان وڵامێكی ڕوونیان لەمبارەوە نەداوەتەوە.