هادی محەممەدزادە پاش تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا

10:18 - 7 بەفرانبار 2720

"هادی محەممەدزادە" ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز پاش تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو ئەندامەی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا و ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز لەو زیندانە ئازاد کرا.

"هادی محەممەدزادە" مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی تراکتەوە" لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سەقز بە ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری لەگەڵ هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی مەحکووم کرابوو کە ئەو حوکمە پاش "تسلیم به رأی" بە شەش مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابوو.

ئەو ئەندامەی گرووپی شاخەوانیی هەڵۆ لە دادگا بەنیسبەت تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی لە ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بێتاوان ناسرابوو.

پووشپەڕی ساڵی ٩٨، هادی محەممەدزادە لەگەڵ ئەندامێکی‌ تری گرووپی شاخەوانیی هەڵۆ بە ناوی "فایەق یووسفی" بە تۆمەتی "ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرابوون.