"هاجەر سەعیدی" بە دانانی کەفالەت لە گرتنگە ئازاد کرا

17:21 - 4 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕ، "هاجەر سەعیدی"، چالاکی ژنان، پاش ١٨ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە دانانی کەفالەت ئازاد کرا.

ئەو چالاکەی مافی ژنانە  لە دەیەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانیدا بۆ بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزرابوو.

ئەو ژنە چالاکە لە کاتی دەسبەسەریدا هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردان، مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو ژنە چالاکە، بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی "هاجەر سەعیدی" زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

ئەو چالاکەی مافی ژنان لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.