هاتنەدەنگی نووسەرانی ئێرانی لەمەڕ دەستبەسەر کردنی نووسەران و هونەرمەندان

22:11 - 2 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: خامەبەدەستانی ئێران سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی نووسەران و هونەرمەندان لەو وڵاتە، ڕاگەیەنراوێکیان بڵاو کردەوە و ڕاستەوخۆ ڕووی داواکارییەکانیان ئاراستەی حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران کرد.

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە، زیاتر لە ١٣٠ کەس لە خامەبەدەستانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا داوا لە حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران دەکەن کە پابەند بێت بە بەڵێنییەکانی سەردەمی کاندیتاتۆرییەکەی و ڕەخنەی توندیان لە شەپۆلی نوێی دەستبەسەر کردنی نووسەران و هونەرمەندان لە ئێران گرتووە و وەبیری سەرۆک کۆماریان هێناوەتەوە کە هەموو ئەو دەستبەسەر کردنانە لە دەوڵەتی ئەودا ڕوویان داوە کە بە دروشمی \"تەدبیر و ئومید\" و بە \"کلیل\"ی چارەسەری کێشەکانەوە پێی نایە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەوە.

عەلی ئەشرەف دەرویشییان، مێهرەنگیز کار و کۆمەڵێکی دیکە لە ڕواڵەتە ناسراوەکانی دنیای هونەر و ئەدەبیانی ئێران، ناویان لەو پێرستەدا هاتووە کە ئەو ڕاگەیەندراوەیان واژۆ کردووە.

لە دەقی ڕاگەیەندراوەکەدا ڕاگواستنی دەستبەسەر کراوان بۆ شوێنی نادیار، دەستبەسەر کردن بە هۆکاری ناڕوون لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە و دیاری کردنی سزای قورس، بە \"پێناسەکانی سەرەڕۆیی\" ناوزەد کراون.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە: \"لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنیەتییەکان لە \"گۆرگان\" دوو نووسەریان بە ناوەکانی \"ڕووزبێ گیلاسییان\" و \"ئێلاهە سرووش‏نیا\" دەستبەسەر کردووە، پاش دوو رۆژ، محەممەد ڕەزا حاج‏ڕۆستەم بیگلوو، لە شاری کەرەج دەستبەسەر کراوە\" و ئاماژە بە ناوی مێهدی و حسەین ڕەجەبییان، یاغما گۆلڕوویی، مێهدی مووسەوی، فاتمە ئێختێساری و هەروەها کەیوان کەریمی هونەرمەندی کوردیش کراوە کە زیندانی درێژ ماوە و تەنانەت سزای لێدانی قامچیشیان بۆ دیاری کراوە.

نووسەرانی ئێران لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەوڵەت سەرقاڵی ڕێککەوتنی ناوکییە و \"دیکەی بەڵێنییەکانی لە یاد کردووە\" و هۆشداریان داوە کە بەرداوم بوون لە بێدەنگی لە لایان دەوڵەتەوە، ئەگەری خراپتر بوونی دۆخەکەی لێ دەکرێت.