نەورۆزی پاڵنگان دواخرا

15:34 - 15 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەمساڵ ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە پاڵنگان، کە وەک نەریتێکی ساڵانە لە نێو هاووڵاتییانی ئەو گوندە و گوندەکانی دەورووبەری بەڕێوەدەچێت، دواخرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی پاڵنگان سەر بە شاری کامیاران، هەموو ساڵێک لە ڕۆژانی ٥ و ٦ی ڕەشەممە، ڕێوڕەسمەی جێژنی نەورۆز بەڕێوە دەبەن، ئەمساڵ، ئەو ڕێوڕەسمە کۆنە بۆ ڕۆژانی ٢٨ی ڕەشەممە یان ٣ و ٤ی خاکەلێوە، دواخرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هەرچەند ئیزنی بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمەدا، بۆ ڕۆژانی ٢٨ ڕەشەممە یان ٣ و ٤ی خاکەلێوە، موڵەتی پێی دراو، بەڵام ئەم دواخستنە، گومانی لای هاووڵاتییانی ئەو گوندە دروست کردووە، کە ئیزنی بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز، بە گشتیی لەو گوندە نەدرێت.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: هەموو ساڵێک هاووڵاتییانی گوندی پاڵنگان، لە ڕیکەوتی ٥ و ٦ی ڕەشەممە، ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز بەرێوەدەبەن و بە پیری ساڵی نوییەوە دەچن، بەڵام هەموو ساڵێک ئەو ڕێوڕەسمە، لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە، دوادەخرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت، ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو، موڵەتی بەڕێوەچوونی ئەو ڕێورەسمە، لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە، بۆ ٢٨ رەشەممە یان ٣ و ٤ی خاکەلێوە، دراوە.